هه‌ر وا كه رۆژ و مانگ و ساڵ تێپه‌ڕ ئه‌بن سارایش چركه‌كان ره‌د ئه‌كات! ئه‌و ئێستا به باشی حه‌زه‌كانی به كۆمپیوتێره‌كه‌ی ئه‌نجام ئه‌دات. له ژووره‌كه‌ی خۆیدا و به ده‌نگێكی زۆره‌وه گوێ له گۆرانیی سترانبێژانی دڵخوازی ئه‌گرێت. له‌م رۆژانه‌دا بڕیاره هه‌وڵ بده‌ین به شێوه‌یه‌كی نوێ كه بۆمان داڕشتووه فێری خوێندن و نووسینی بكه‌ین! له‌م باره‌وه و پاش روودانی كاره‌كه ئه‌نووسم! له‌م ماوه‌دا بۆ سارا نه‌شته‌رگه‌رییه‌ك كراوه كه هێندێ له گرفته سرووشتییه‌كانی چاره‌سه‌ر بكرێت. پزیشكه‌كانی له ئه‌و په‌ڕی شاره‌زایی و خۆ‌شڕه‌فتاریدا كاره‌كه‌یان بۆ جێبه‌جێ كرد و ئێستا دۆخی میزاجی زۆر باشتر له پێشه.
عاده‌تێكی جالب كه سارا هه‌یه‌تی ئه‌وه‌یه كه به هۆی ره‌فتارێك كه له گه‌ل سارا بوومانه و هه‌ر كات كه وشه‌یه‌كی نوێ فێر ئه‌بوو هه‌موومان جه‌ژنمان بوو! فێر بووه چه‌ند وشه‌یه‌كی بازاڕیش به‌كار بێنێت. به‌ڵام كاتێ له ماڵ هاوسێیه‌كماندا – له گه‌ڕه‌كی ئێمه خۆشه‌ویستی خه‌ڵك بۆ سارا بێ‌وێنه‌یه – سارا به مۆبیله‌كه‌ی قسه‌مان له‌گه‌ل ئه‌كات و ئێمه‌یش به شۆخییه‌وه قسه‌بازاڕییه‌كانی خۆی پێ ئه‌ڵێین، هێواشێك ئه‌ڵێت: ئارام بن! شووره‌یی‌یه! وامه‌ڵێن گوێیان لێیه! هه‌ر وا كه رۆژ و مانگ و ساڵ تێپه‌ڕ ئه‌بن سارایش رۆژه‌كان له گه‌لمان ره‌د ئه‌كات... ئه‌م وێنه چه‌ند خوله‌ك پێش بردنی سارا بۆ نه‌خۆشخانه و نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ی گیراوه.