ماوه‌یه‌كی زۆره هیچم نه‌نووسیوه. كاتێ پێشتر ئه‌مدی كه‌سێك بلاگێك دائه‌نێت و پاش ماوه‌یه‌ك واز له نووسین دێنێت تێر پێم ناخۆش بوو به‌ڵام ئێستا خۆیشم تووشی ئه‌م ده‌رده هاتووم! راستی ئه‌وه‌یه نووسین بۆ منێ كه له سه‌ر "سارا" ئه‌نووسم زۆر دشواره. به‌ڵام هه‌رچۆنێ بێت له ئه‌مڕۆوه هه‌وڵ ئه‌ده‌م پڕكارتر بم:
ئه‌مڕۆ ده‌ستی جوان و بچووكی "سارا"م له ده‌ست بوو و له سه‌ر داواكاریی خه‌په‌گیان چووینه بازاڕی شار! چ پڕ هه‌یبه‌ت و پڕشكۆیه رۆح و كه‌لامی ئینسانێك كه مانای قین نه‌زانێت و هه‌مووان له روانگه‌ی خاوێن و بێگه‌ردی خۆیه ته‌ماشا بكات ... "سارا" و هه‌موو منداڵانی سێندرۆمی داون به‌م جۆره‌ن! پێیشیان خۆشه هه‌موو ساته‌كانیان له ناو خه‌ڵكدا به سه‌ر به‌رن.
پاش ماوه‌یه‌ك گه‌ڕان چووینه دووكانێكی خوارده‌مه‌نی زستانی و نۆكاوێكمان خوارد! "سارا" قه‌ت حه‌زی له شتی وا نییه به‌ڵام ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی زۆرتر له ده‌ره‌وه‌ی ماڵ به سهربهرێت حازر بوو تۆزێ نۆكاو ئه‌ویش به زۆر بخوات! دوو پیاویش له كهنارماندا چۆنهریان ئه‌خوارد! له كاتی خواردندا له به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌میان نه‌ئه‌به‌ست ده‌نگی ده‌میان ئه‌هات و ئه‌مه بۆ "سارا" زۆر سه‌خت بوو! جاری ئه‌ووه‌ڵ رووی كرده لایانه‌وه و ناوچاوی دا به یه‌كدا! جاری دووهه‌م دی دیسان گوێ ناده‌ن و قیزی ئینسان له خواردن ئهشێوێننهوه وتی: نابێ كه‌س له كاتی خواردندا ده‌می باز كات! ئه‌گه‌ر وابێت مڵچهیان گوێی هه‌مووان كه‌ڕ ئه‌كات! پیاوه‌كان چاویان زاق كرده‌وه و ده‌ستیان كرده‌وه به خواردن! سه‌رم سووڕ مابوو له ژیری منداڵێكی سێندرۆمی داون و بێگوێیی پیاوه سالارهكانمان!